هه‌واڵی ئابووری

دەستکاری مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەران دەکرێت؟

گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان دڵنیایی ئەوە دەداتە مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەستکاری مووچەکانیان ناکرێت و تەنها رێکخستنەوە لە خانەنشینی پلە تایبەت و باڵاکان دەکرێت و دادپەروەری لەنێوان فەرامنبەران بەدیدەهێنرێت. داوا لەسەرجەم لایەنە سیاسییەکان و فراکسیۆنەکانیش دەکات پشتگیری لەو پرۆژەیە بکەن و ئەوەی پێویستی بە باشترکردن هەبێت ئەنجامی بدەن و بە ئاراستەی بەرژەوەندی چینی ناوەند و مامۆستایان و فەرمانبەران بێت.
جووتیار عادل، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە میانی بەشداریکردنی لە بڕگەی چاو بەچاو لە نوڕۆژی دۆستان لە تۆڕی میدیایی رووداو، لەبارەی پەسندکردنی پرۆژەیاسای چاکسازی لەلایەن حکومەت و ناردنی بۆ پەرلەمان و وردەکارییەکانی ئەو پرۆژەیاسایە بە رووداوی راگەیاند: “حکومەت وەکو یەک تیم گفتوگۆیەکی چڕیان کرد سەبارەت بەو بڕگانەی کە لە یاسایەکەدا هاتبوو، خۆشبەختانە دوێنێ دوای زیاتر لە شەش کاژێر و نیو هەر بڕگەیەک لەو بڕگانە بە کۆدەنگی پەسندکرا، کۆی یاسایەکەش بە کۆی دەنگ پەسندکرا و هیچ وەزیرێکیش ناڕەزایەتی نەبوو”.
جووتیار عادل، دڵنیایی ئەوە دەداتە “مامۆستایان و فەرمانبەران و خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و کەسوکارەکانیان و کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت، کە دەستکاری مووچەکانیان ناکرێت”و دەشڵێت “ئێمە وەکو حکومەتی هەرێم و جەنابی سەرۆکی حکومەت زۆر پێداگری لەسەر پاراستنی مووچەو دەرماڵە و پێداچوونەوەی و هێنانەدی دادپەروەری لەوبارەیەوە کردووە”.
بە گوتەی گوتەبێژەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامانج لەو یاسایە “نەهێشتنی سوودمەندانی ناشایستەیە لە بودجەی گشتی و رێگرتنە لە بەهەدەردانی سامانی وڵات و رێکخستنەوە و یەکخستنەوەی بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگەکانی خانەنشینییە لەچوارچێوەی دەستەیەکی نیشتمانی خانەنشینی”.
جووتیار عادل، دەڵێت: “یەکێک لە بڕگە گرنگەکانی دیکەی ئەو یاسایە تایبەتە بە پاسەوانەکان، ناکرێت هەر لایەنێک و کەسایەتییەک لەلایەن خۆیەوە پاسەوان دابنێت و خانەنشینی بکات، بەڵکو دەبێت هەمووی بگەڕێندرێتەوە سەر یەکی پاسەوانی وەزارەتی ناوخۆ، ئەوەی پێویست بێت دەمێنێتەوە ئەوەی پێویستیش نەبێت دەیگەڕێننەوە بۆ شوێنێکی دیکە”.
جووتیار عادل سەبارەت بە خانەنشینی پلە باڵاکان ئاماژە بەوە دەدات “خانەنشینی پلە باڵاکان و تایبەتەکان و وەزیفە باڵاکان لەمەودوا بەپێی تەمەن و بڕوانامە و ساڵانی خزمەت دەبێت، لە ماوەی رابردوودا خەڵکانێک بەبێ ئەوەی شایستەبن خانەنشین کراون، بۆ نموونە بەڕێوەبەری گشتی بووە بە بریکاری وەزیر خانەنشین کراوە، یان بریکاری وەزیر بووە وەکو وەزیر خانەنشین کراوە، پێداچوونەوە بە هەموو ئەوانەش دەکرێت. دوای پەسندکردنی ئەو یاسایە لە پەرلەمان یاسایەکی گشتگیر بۆ خانەنشینی دەردەکەین، بۆ ئەوەی ئەو جیاوازییەی لەنێوان پلە باڵاکان و فەرمانبەرانی ئاسایی هەیە کەمبکرێتەوە”.
سەبارەت بە چۆنیەتی خانەنشینی پلە باڵاکان بەپێی ئەو یاسایەی هەیە، گوتەبێژەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: “خانەنشینی پلە تایبەت و باڵاکان بە رێژەی 30 تاوەکو 40% دابەزیوە، واتە دوو تاوەکو دوو ملیۆن و 500 هەزار کەمدەبێتەوە، ئەو جیاوازییەش نامێنێت کە لە خانەنشینی پەرلەمانتار و وەزیردا هەبووە. بۆ نموونە 25% لە کۆی مووچە و دەرماڵەکەی هەژماردەکرێت، 2.5 بۆ هەرساڵێک لە خزمەت دەخرێتەسەر. بڕوانامەش بەم شێوەیە هەژماردەکرێت؛ دبلۆم 5%، بەکالۆریۆس 10%، ماجستێر 15% و دکتۆرا 20% بە مەرجێک دوایین بڕوانامەی بۆ هەژمار بکرێت، ئەو رێژەیەش تەنها بۆ پلە تایبەتەکانە و پەیوەندی بە فەرمانبەری ئاسایی و مامۆستایان نییە”.
جووتیار عادل گوتیشی: “چاکسازی تەنها ئەو یاسایە نییە، چاکسازی دەبێت لە زۆر کەرتدا بکرێت بۆ ئەوەی بتوانین داهاتی حکومەت و ئەو بڕە پارە زۆرەی بەهەدەر دەدرێت بگەڕێندرێتەوە بۆ بودجە و سوود بە خەڵکی شایستە بگەیێنین”.
لەبارەی رێوشوێنەکانی پەسندکردنی ئەو پرۆژەیاسایە لە پەرلەمان و بەربەرستەکانی بەردەمی، جووتیار عادل گوتی: “لە کۆبوونەوەکەش و ئێستاش وەکو حکومەت داوا لەسەرجەم لایەنە سیاسییەکان و فراکسیۆنەکان دەکەین پشتگیری ئەو پرۆژەیە بکەن، ئەوەی پێویستە باشتر بکرێت، بکرێت. داواش دەکەین بە ئاراستەی بەرژەوەندی چینی ناوەند و مامۆستایان و فەرمانبەران بێت”.
سەبارەت بە پرسی مووچەی پاشەکەوتی فەرمانبەرانیش، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەدات، “ئەو یاسایە تەنها پەیوەندی بە چاکسازی لە شایستە، دەرماڵە، منحە و مووچەو خانەنیشینیەوە هەیە. سەبارەت بە پاشەکەوتی مووچە ئێمە چ لەگەڵ حکومەتی بەغدا و چ وەکو حکومەتی خۆمان دەبێت چارەسەری ئەو کێشەیە بکەین، دڵنیایی خەڵکی کوردستانیش دەکەین ئەو پرسە دەبێت چارەسەر بکرێت، بەڵام دەبێت پشوودرێژتر بن”.
Source
Source

Related Articles

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

Back to top button
error: Content is protected !!
Close